Quick Navigation

Call for Research Project Proposals

Every academic year, Kurdistan Institution for Strategic Studies and Scientific Research (KISSR) calls for research proposals for co-funding your research projects. Those researchers (PhD, Master, and Bachelor degree holders) who are currently working on research projects/ or have proposals in need of submission are eligible to apply for the fund.

Currently, the call for applications is closed.

هۆکاری زیادبوونی گۆڕان لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا و کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسین

کاریگەریی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا

پەتای کۆرۆنا، کە بە کۆڤید19ش بەناوبانگە، بەهۆی ڤایرۆسی سارس- کۆڤ2 بڵاوبۆتەوەو بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی رێکخراوی تەندروستیی جیهان WHO، زیاتر لە 170 ملیۆن کەسی تووشکردووە و 3.53 ملیۆن کەسیشی کوشتووە

کۆرۆنا لە هەموو جیهاندا گوشارێکی زۆری خستۆتە سەر سیستم و پەیڕەوی تەندروستی، بەتایبەتی لە هیندستان، کە لەبەر زۆریی تووشبووان، کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە لە بارودۆخێکی ناهەمواردایە و خەریکە دادەڕمێت. هەروەک هەموو شوێنێکی دیکەی جیهان.

پەتای کۆرۆنا لە کوردستانیش زیانیێکی زۆری هەبووە لەسەر کەرتی پەروەردە و تەندروستی و کەرتە تایبەتەکانی بازاڕی گشتی. کۆڤید19 بەردەوام دەگۆڕێ و جۆرە گۆڕراوەکانیشی لە جیهاندا بەردەوام لە زیادبووندان و ئەگەری زۆرە کە ئەم پەتایە تا چەند ساڵێکی تریش بەردەوام بێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، هێزێکی گەورەی زانستییش لەزۆر شوێنی جیهاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە کەوتنەگەڕ و زانایان لە ماوەیەکی کورتدا توانییان پێکهاتە بۆماوەییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشان بکەن و کیتیی متمانەپێکراوی تایبەت بە دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە لەهەموو ئەو تاقیگایانەدا بەردەست بخەن کە بۆ دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ڤایرۆسە نوێکە تەرخان کرابوون.

پێکهاتەی سارس کۆڤ 2- ، جۆرە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا
لە ناوەڕۆکی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ناوکە ترشەی رایبۆز RNA هەیە کە بۆماوە زانیارییەکانی تێدایە و کار دەکات وەکو گەردێکی پەیامنێر بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی پرۆتین، کە پێویستن بۆ پێکهێنانی پەیکەر و فەرمانەکانی ڤایرۆساکە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا، پۆشەری پرۆتینی هەیە، کە دەوری ناوکەترشی رایبۆزی داوە و یارمەتی دوو هێندبوونی دەدات.

بەشی دەرەوەی ڤایرۆسەکە پێکهاتووە لە چینێک گەردی چەوری کە پێی دەوترێت لیپید، ئەمەش پارێزگاریی لە ڤایرۆسەکە دەکات لە کاتێکدا کە لە دەرەوەی خانەی مرۆڤدایە. پەردەی خانە چەند پرۆتینێکی پەیکەری پێوە لکاوە، وەکو پرۆتینی بزماری (Spike protein ( ، ئەم پرۆتینە کرداری گرنگی هەیە لە ناسینەوە و خۆنووساندن و جێگیرکردنی ڤایرۆسەکە لەسەر خانەخۆی (خانەی مرۆڤ).

پرۆتینی بەرگی (membrane protein) و پرۆتینی پەردەی ) (Envelop protein یارمەتی دروستبوونی بەرگی نوێ و ڤایرۆسی نوێ دەدات. بڕوانە وێنەکە.

کۆرۆنا وەک هەموو ڤایرۆسێکی تر نازیندووە، پشت بە خانەخوێیەک دەبەستێ بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی، مەبەست لە خانەخوێ لەشێکی زیندووی وەک مرۆڤە. کە دەچێتە لەشی مرۆڤە خانەخوێکەوە، لە رێی پڕۆتینە بزمارییەکانییەوە خانەکانی مرۆڤ دەناسێتەوە و لە رێی وەرگرێکەوە، کە لەسەر پەردەی خانەکەی هەیە، خۆی جێگیر دەکات و دەستدەکات بە زیادبوون و دووهێندەکردنی خۆی.

تیشکۆی یەکەم و سەرەکیی دروستکردنی ڤاکسین-ی دژە کۆڤید19 لەسەر ناسینەوەی پڕۆتینی بزمارییە، ئەویش بۆ ئەوەیە کە ڤاکسینەکە وابکات سیستمی بەرگریی لەش ڤایرۆسەکە بناسێتەوە و نەهێڵێت لە خانەی مرۆڤدا جێگیر ببێت. چونکە ئەگەر رێگریی لە ڤایرۆسەکە بکرێت کە نەچێتە ناو خانەی خانەخوێکەوە و نەهێڵرێت خۆی دوو هێندە بکات، ئەوا ڤایرۆسەکە لەناودەچێت.

واتە ئەگەر کەسێک لە لەشیدا دژەتەنی هەبێ کە بتوانێت پڕۆتینی بزماری بناسێتەوە، ئەوا دەتوانێت کردەی دووهێندەکردنی ڤایرۆسەکە رابگرێت و لەناوی ببات.

جۆرە گۆڕراوەکانی کۆرۆنا
لە کاتی دووهێندەبوونی ڤایرۆسدا، گۆڕانکاریی بەسەر پێکهاتە بۆماوەییەکانیشیدا دێت. گۆڕانکاریی لە پێکهاتەدا پێیدەوترێ: بازدان، واتە کاتێک پێکهاتەی ڤایرۆسێک دەگۆڕێ: ئەوا بازدان روودەدات. ئەگەر هێندی ئەم بازدانە یەک یان زیاتر بوو، ئەوا دەبێتە هۆی گۆڕانی کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەسەر زیندەوەرەکە و بەمەش دەوترێت جۆرە گۆڕراوەکانی ڤایرۆسی راستەقینە . بە هەمان شێوە، گۆڕانکاریی بەسەر پێکهاتە بۆماوەییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا دێت و جۆری نوێی لێ دروست دەبێت.

بازدان لە هەندێک ڤایرۆسدا خێرا روودەدات، بۆ نموونە وەک ڤایرۆسی ئەنفلوێنزا، بۆیە پێویستە ساڵانە بە گوێرەی گۆڕانی پێکهاتەی ڤایرۆسەکە، ڤاکسینی نوێشی بۆ دروستبکرێت.

ئامارەکانی بازدان لە ڤایرۆسی سارس-کۆڤ2 دا وامان پیشاندەدەن کە گۆڕانکارییەکانی کۆرۆنا لە گۆڕانکارییەکانی ئەنفلوێنزا خاوترن. بەڵام ئەوەش گرنگە بزانین کە تا گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە لەناو خەڵکدا بەردەوام بێت و ڤایرۆسەکە لەناو خانەی مرۆڤدا زیادبکات، ئەوا مەترسیی بازدانی ڤایرۆسەکەش زیاتر دەبێت. واتە لە ئەنجامی بەردەوامیی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەدا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، ئەگەری دروستبوونی جۆری نوێی کۆڤیدیش زیاتر دەبێ.

ئێستا زیاتر لە 100 جۆری گۆڕراوی کۆرۆنا لە جیهاندا پەیدابووە، حەوت دانە لەم جۆرە نوێیانە بایەخی زیاتریان پێدراوە، چونکە لەم جۆرانەدا گۆڕانکاریی لە بۆهێڵی پڕۆتینە بزمارییەکاندا دەرکەوتووە، کە ئەمە مەترسییەکی گەورەی هەیە لەسەر کاریگەریی و چالاکیی ئەو ڤاکسینانەی ئێستا لە جیهاندا دژبەم ڤایرۆسە بەردەستن. چونکە وەک باسمانکرد، ڤاکسینەکە بە پڕۆتینە بزمارییەکاندا ڤایرۆسەکە دەناسنەوە، ئەگەر پڕۆتینە بزمارییەکانی ڤایرۆسەکە بگۆڕێ، ئەوکات ئەگەر هەیە ڤاکسینەکە ڤایرۆسەکە نەناسێتەوە.

لە خشتەکەی خوارەوەدا ئەو حەوت جۆرە گۆڕراوەی کۆرۆنا دەخەمەڕوو کە بایەخی زیاتریان پێدەدرێت، لەگەڵیاندا مەترسیی گواستنەوە و بە سەختی تووشبوون و کاریگەری لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و ڤاکسینی کۆڤید19 دەخەمەڕوو:

جۆرەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا
ڤاکسین کۆئەندامی بەرگریی لەش بە دژەپەیداکەر ئاشنا دەکات، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی خودی دژە پەیداکەرەکە خۆیەوە: کاتێک کەسێک ڤاکسین وەردەگرێت، ئەوا ڤاکسینەکە ڤایرۆسەکە بە مردوویی، یان بە لاوازی و ناچالاککراوی، یان لە رێگەی بەکارهێنانی بۆهێڵی دژەپەیداکەرەکەوە بە کۆئەندامی بەرگریی دەناسێنێت، بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا ببێتە هۆی دروستکردنی بەرگریی لە دژی ڤایرۆسەکە.

هەموو جۆرەکانی ڤاکسینی پەتای کۆرۆنا پێویستی بە 2 تا3 جار ژەمی چالاککەر هەیە تا بەرگریی لەش 100٪ لە دژی ڤایرۆسەکە بەهێز بکەن.

ئێستا دوو جۆری ڤاکسینی کۆڤید19 بۆ خەڵک بەردەستە و چەند کۆمپانیایەکی جیهانیی دەرمان بەرهەمیهێناون، جۆری ڤاکسینەکانیش ئەمانەن:

یەکەم: ڤاکسینی کۆڤید19ی جۆنسن یاخود (یانسن)، هاوشێوەی ڤاکسینی ئۆکسفۆرد و ئەسترازینیکا لەڕێی گەیاندنی بۆهێڵێکەوە (پارچەیەک DNA) کاردەکات. ئەم بۆهێڵە پڕۆتینی بزماری بەرنامە دەکا. پاش کوتانی کەسەکە، خانەکانی لەشی دەستدەکەن بە دروستکردنی پڕۆتینی بزماری، ئەمەش وا دەکات کۆئەندامی بەرگریی لەش ئەم پڕۆتینە وەک نەخۆشخەرێک بناسێتەوە و لە بەرامبەردا دژەتەن لە دژی ئەم پڕۆتینە بەرهەمبهێنێت و بەرگریی سەرەتایی و خانە بیرخەرەوەکان دروست بکات. کەسی کوتراو لە داهاتوودا بەرگریی نوێی دەبێت و ئەگەر ڤایرۆسەکەش بچێتە ناو لەشی کەسەکەوە، لەشی ئەو کەسە بەخێرایی ڤایرۆسەکە لەناو دەبات.
دووەم: ڤاکسینی فایزەر و بایۆ ئێن تێک و مۆدێرنا
ئەم ڤاکسینیە نامەی بۆماوەیی ناوکە ترشی رایبۆز mRNA بەکاردەهێنێت کە تاکە زنجیرەیە و بۆماوە زانیارییەکان لە بۆهێڵێکی دیاریکراو دەگوازێتەوە بۆ دروستبوونی پڕۆتینێکی دیاریکراو. ئەم نامە بۆماوەییە، زانیاریی دروستکردنی پڕۆتینی بزماریی تێدا هەڵگیراوە. دوای کوتان، بەهەمان شێوەی ڤاکسینی پێشوو کە باسم کرد، پڕۆتینی بزماری ڤایرۆسەکە بەرهەم بهێنێت و بەرگریی سەرەتایی و خانە بیرخەرەوەکان دروست دەکات.

کەسی کوتراو بەرگریی دەبێت و ئەگەر ڤایرۆسەکە بێتە لەشی کەسەکەوە، لەشی ئەو کەسە بە خێرایی ڤایرۆسەکە پووچەڵ دەکاتەوە.

کاریگەری لاوەکی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا
بێگومان هەموو ڤاکسینیێک کاریگەریی لاوەکی هەیە، ئەمەش پرۆسەیەکی سروشتییە لە لەشی مرۆڤدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنە دەرەکیەکان. زۆرینەی کاریگەرییە لاوەکییەکان لەم ڤاکسینەدا کورت خایەنن و بە سووکی نیشانەکانیان دەردەکەوێت وەکو؛ ئازار و سووربوونەوە و ئاوسانی شوێنی دەرزییەکە، تا لەرز، بێهێزی، ژانەسەر، هێڵنجدان، ئازاری ماسوولکە.

بەپێی ئامارەکانی ڤاکسینی ئاسترازێنێكا، چەند حاڵەتێکی دەگمەنی خوێن مەیین بەدیکراوە لە لەناو كه‌سانی ژێر یەمەن 60 ساڵیدا. خوێن مەینەکەش بریتییە لە کۆبوونەوەی خوێن لە بەشێکی دەمارێکدا و خەستبوونەوەی لەو ناوچەیەدا، ئەگەر خوێن مەین لە دەماری قووڵدا رووبدات کە پێی دەوترێت DVT (Deep Vain Thrombosis) دەبێتە هۆی رێگریی لە هاتوچۆی خوێن لە دەمارەکاندا و ئەگەری هەیە مەترسی لەسەر تەندروستی کەسی کوتراو دروست بکات. شایەنی باسە هەتا 1/4/2021 ملیۆنێک کەس ئەم ڤاکسینیەی وەرگرتبوو و تەنها 4 کەس لە یەک ملیۆن کەسدا ئەم حاڵەتی خوێن مەینەی تێدا بەدی کراوە.

لە دەرئەنجامدا ، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە ڤاکسینی ئاسترازێنیکایان بە سەلامەت تۆمار کرد.

نیشانەکانی مەینی خوێن:
ئەگەر لە دوای چوار رۆژ، ئەم نیشانانەت تێدا دەرکەوت بە زووترین کات پەیوەندیی بە نەخۆشخانەوە بکە :

ژانەسەرێكی یەكجار بەهێز، تەڵخ بینین، پەرکەم.

ئازاری سنگ، قوورسبوونی سنگ، كورتی هەناسەدان. ئاوسان لە پوز، قۆڵ، هەستی گەرمبوونی قاچەكان، ئازار، رووشان، نەرمبوونی قاچەكان و ئازاری توندی سک.

کۆتای هێنان بە پەتای کۆرۆنا
ئەگەر بمانەوێت ئەم پەتایە بنبڕ بکەین، پێویستە پابەندبین بە رێنمایەکانی خۆپاراستن وەکو بەکارهێنانی ماسک، تێکەڵ نەبوون بە خەڵک ، دەست شتن بە سابوون دوای دەستدان لە تەنی دەرەوەی ماڵەکانتان. هەروەها کوتان، کە باشترین رێگەیە بۆ بنبڕکردنی ئەم پەتایە.

د.ژاڵە ئازاد

*مامۆستا و توێژەر له‌ ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی.

KISSR Viber Community

To be updated on the events, news, and other activities, please join the Viber community of KISSR via the below link:

Call for Research Project Proposals

Every academic year, Kurdistan Institution for Strategic Studies and Scientific Research (KISSR) calls for research proposals for co-funding your research projects. Those researchers (PhD, Master, and Bachelor degree holders) who are currently working on research projects/ or have proposals in need of submission are eligible to apply for the fund.

Currently, the call for applications is closed.