
م.ی.تریفه محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، توێژینه‌وه‌یه‌کى به‌ناونیشانی: کات و شوێن له چه‌ند چیرۆکێکى کۆمه‌ڵه چیرۆکى (تیڕۆژ)ى حه‌مه که‌ریم عارف دا، له گۆڤارى کوردستانیى بۆ دیراساتى ستراتییجیی، بڵاوکرده‌وه.
پوخته‌ی توێژینه‌وه‌که له‌باره‌ی پوخته‌ی توێژینه‌وه‌که‌وه، م.ی.تریفه محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى نوسیوویه‌تی: له بونیادى ژانرى چیرۆکدا چه‌ندین ره‌گه‌ز به‌شدارن، هه‌ریه‌کێکیان به‌پێى قه‌باره‌ى ده‌قه‌که‌و پێویستیى چیرۆکه‌که به‌شێوه‌یه‌کى رێژه‌یى ئاماده‌ن، به‌ڵام هه‌ندێک له‌و ڕەگهزانه، که ده‌کرێ وه‌کو بنچینه‌و کۆڵه‌گه‌ى سه‌ره‌کى له بونیادى چیرۆکدا ته‌ماشابکرێن، کات و شوێنن.
بۆیه ئه‌گه‌ر کاراکته‌رى چیرۆک یان رووداو یاخود وه‌سف و شێواز‌و زمان و بابه‌ت و…تاد، له‌هه‌موو چیرۆکێک‌دا به هاوسه‌نگى ده‌رنه‌که‌ون، یاخود هه‌ندێکیان ده‌رکه‌ون و هه‌ندێکى دى نا، ئه‌وا هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى کات و شوێن له هه‌موو چیرۆکێک‌دا، جا ڕۆمان بێت، یان چیرۆکى درێژ ، کورتەچیرۆک، یاخود کورتیله چیرۆک، ئاماده‌و دیارن.
له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، هەوڵمانداوە لەڕووی چەمکەوە کات و شوێن بخەینەڕوو، دواتر په‌یوه‌ندیى نێوان کات و شوێن و ده‌رکه‌وتنیان له‌و چه‌ند چیرۆکه‌ی، کۆمه‌ڵه چیرۆکى (تیڕۆژ)ى حه‌مه که‌ریم عارفدا، بەپێی توانا، باسبکه‌ین و به‌پێى ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ى بۆ جۆر‌و چۆنیه‌تى ده‌رکه‌وتنى کات و شوێن کراون به‌شێوه‌یه‌کى تیۆری، له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند چیرۆکه، ڕاڤه‌یان بکه‌ین. جێگاى ئاماژه‌بۆکردنه، که هۆکارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌م چه‌ند چیرۆکه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، که ئه‌م کۆمه‌ڵه چیرۆکه به‌شێکن له‌و گۆڕانکارییانه‌ی، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا، مەبەست سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەمە، به‌سه‌ر چیرۆکى کوردی‌دا هاتن و له قاڵبه حیکایهتییهکهوه گۆڕاو به ته‌کنیک و فۆرمێکى نوێوه خۆى له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا گونجاندو دەرکەوت، چه‌ندین کون و که‌لێنى بهرلهخۆى پڕکردەوه و لەگەڵ شەپۆلی نوێگەرییدا سازا.
بۆیه ئه‌م چه‌ند چیرۆکه وه‌کو مۆدێلێکى نوێى چیرۆکی ئەو سەردەمە، له دیرۆکى کورته چیرۆکدا، لێیانده‌ڕوانرێت و ئه‌گه‌ر به پێوه‌رى ته‌کنیکى نوێى چیرۆکیش ته‌ماشابکرێن، ده‌توانین بڵێین، جۆر‌و شێواز‌و تەکنیکەکانی ده‌رکه‌وتنى کات و شوێنیان له‌ناو خۆیاندا هه‌ڵگرتووه. سنوور‌و میتۆدى لێکۆڵینه‌وه‌که: بۆ ئه‌م کورته باسه رێبازى وه‌سفى و مێژووییمان به‌کارهێناوه‌و تیایدا به‌دواداچوون و شیکردنه‌وه‌مان بۆ کۆمه‌ڵه چیرۆکى (تیڕۆژ)ى حه‌مه‌که‌ریم عارف کردووه، به مه‌به‌ستى ده‌ستنیشانکردنى ره‌گه‌زى کات و شوێن له‌م کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌دا.
توێژینه‌وه‌که له‌دوو به‌ش پێکهاتووه: به‌شى یه‌که‌م و لهتهوهرهى یه‌که‌مدا، کورته چیرۆک، دیرۆک و رەگهزهکان؛ له ته‌وه‌ره‌ى دووه‌میشدا به‌کورتى و به جیا رەگهزى کات و شوێن باسکراون. به‌شى دووه‌م بۆچوون و تیۆره‌کانى سه‌باره‌ت به کات و شوێن باسکراون، له‌سه‌ر کۆمه‌ڵه چیرۆکى (تیڕۆژ)ى حه‌مه‌که‌ریم عارف، پراکتیزهکراون. دواتر ئه‌نجامه‌کانى لێکۆڵینه‌وه‌که خراونه‌ته‌ڕوو.
له‌کۆتاییشدا، سه‌رچاوه‌کان و پوخته‌ى توێژینه‌وه‌که به هه‌ردوو زمانى عه‌ره‌بى و ئینگلیزی، نووسراون.
گۆڤارى کوردستانیى بۆ دیراساتى ستراتییجیی گۆڤارى کوردستانیى بۆ لێکۆڵیینهوهى ستراتییجیى به زانسته مرۆڤایه‌تییه‌کان، گۆڤارێکى سه‌ربه‌خۆى ده‌سته‌ى کوردستانیى بۆ دیراساتى ستراتییجیى و توێژیینه‌وه‌ى زانستییه.
گۆڤاری کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی