له هه‌ولێر یه‌که‌مین دیدارى هاوبه‌شى نێوان ده‌سته‌ى ده‌سپاکى هه‌رێمى کوردستان و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، به‌ڕێوه‌چوو
له دیداره‌که‌دا که رۆژی 2-11-2021، له هۆڵى سه‌نته‌رى رۆشنبیرى و کۆمه‌ڵایه‌تى زانکۆى سه‌ڵاحه‌دین، به‌ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ک له وه‌زیره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و سه‌رۆکی زانکۆکان و راوێژکاران و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتى و نوێنه‌رى رێکخراوى (UNDP) له عیراق، ژماره‌یه‌کى زۆر له مامۆستایان، به‌ڕێوه‌چوو، چه‌ند وتارێک پێشکه‌شکران، د.عه‌بدولفه‌تاح عه‌بدولڕه‌زاق بریکارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له وتارێکدا که به نوێنه‌رایه‌تى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، پێشکه‌شیکرد، رایگه‌یاند: ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر بابه‌تى ده‌سپاکى ئه‌کادیمى به‌شێوه‌یه‌کى گشتى و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌تایبه‌تى له ناو دیوانى وه‌زاره‌ت له دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌کانمان گفتوگۆى زۆرى له‌سه‌ر ده‌کرا، به‌تایبه‌ت که هه‌ست ده‌کرا حاڵه‌ته‌کانى لادان له ده‌سپاکى توێژینه‌وه‌ى ئه‌کادیمى له هه‌ڵشکاندایه
بریکارى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، که له‌هه‌مانکاتدا سه‌رۆکى لیژنه‌ى ئاماده‌کاریى دیداره‌که‌ش بوو، وتى: به‌هۆى ئه‌وه‌ى پاراستنى ده‌سپاکى ئه‌کادیمى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى لادانه‌کان یه‌کێکه له ئه‌رکه‌کانى ده‌سته‌ى ده‌سپاکى هه‌رێمى کوردستان، بۆیه بیرۆکه‌ى به‌ستنى ئه‌م دیداره هاوبه‌شه گه‌ڵاڵه کرا، وتیشی: کارکردن بۆ داڕشتنى ره‌شنووسێک بۆ بنه‌ماکانى ره‌فتار و ره‌وشتى ئه‌کادیمى بۆ مامۆستا و قوتابیان و خوێندکاران، یه‌کێکه له کاره گرنگه‌کانى داهاتوومان، که ره‌شنووسى سه‌ره‌تاى ئاماده‌کراوه
هه‌ر له دیداره‌که‌دا، د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌سپاکى هه‌رێمى کوردستان، نوێنه‌رى رێکخراوى (UNDP) له عیراق، به‌جیا وته‌یان پێشکه‌شکرد
دواى پێشکه‌شکردنى وتاره‌کان، له رێگه‌ى سێ پانێڵه‌وه له‌لایه‌ن مامۆستایانى زانکۆ و توێژه‌ران و پسپۆڕانى بواره‌که‌وه، خوێندنه‌وه بۆ لایه‌نه جیاکانى بواره‌که کرا، بۆ ئه‌وه‌ش پانێڵه‌کان ته‌رخانکرابوو بۆ ده‌رفه‌ته‌کان و چاره‌سه‌ره‌کان بۆ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى لادان له ده‌سپاکى توێژینه‌وه‌ى ئه‌کادیمى، تیایدا باس له ئه‌زموونى زانکۆ پێشکه‌وتووه‌کانى جیهان بۆ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پێشێلکارییه‌کانى ده‌سپاکى توێژینه‌وه‌ى ئه‌کادیمى کرا
له‌به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا، د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى به‌شدارى به‌شێکى پانێڵه‌کان و دیداره‌که بوو، تیایدا له‌باره‌ى گرفت و ئاڵنگاریى به‌رده‌م ده‌سپاکى توێژینه‌وه‌ى ئه‌کادیمى باسى له جۆر و شێوازه‌کانى لادان له ده‌سپاکى توێژینه‌وه‌ى ئه‌کادیمى کرد و کاریگه‌ریى ده‌سپاکى ئه‌کادیمى بۆ پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کان له دامه‌زراوه ئه‌کادیمییه‌کان و گرفت و ئاڵنگارییه‌کانى به‌رده‌م ده‌سپاکى توێژینه‌وه‌ى ئه‌کادیمى له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى، روونکرده‌وه
دیداره هاوبه‌شه‌که‌ى نێوان ده‌سته‌ى ده‌سپاکى هه‌رێمى کوردستان و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، که به هاوکارى رێکخراوى (UNDP) له عیراق به‌ڕێوه‌چوو، به‌گه‌ڵاڵه‌کردنى کۆمه‌ڵێک راسپارده‌ى گرنگ و چه‌سپاندنى، کۆتایى به کاره‌کانى هات
شایانی باسه، وه‌فدێکی ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، که پێکهاتبوو له پ.ی.د.فه‌ره‌یدون نه‌جم ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌وه‌کاله‌ت، پ.ی.د.بڕیار حه‌سه‌ن، د.کاروان قه‌ره‌داغی مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌شدارییان له دیداره‌که‌دا کرد
هه‌ر له دیداره‌که‌دا، پرۆفیسۆری یاریده‌در د.بڕیار حه‌سه‌ن مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سیمینارێکی به ناونیشانی (گرفت و ئاڵنگارییه‌کانی به‌رده‌م ده‌سپاکی توێژینه‌وه‌ی ئه‌کادیمی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی)، پێشکه‌شکرد