رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 8-5-2022، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، سیمینارێک به‌ ناونیشانى (پلاستیک و کاریگه‌رییه‌کانى له‌سه‌ر پیسبوونى خۆراک)، بۆ به‌ڕێز مامۆستا تارا ساڵح عه‌لى مامۆستا و توێژه‌ر له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستى، به‌ڕێوه‌چوو

   له‌ سیمیناره‌که‌دا، مامۆستا تارا ساڵح عه‌لى، به‌ وردى کاریگه‌رییه‌کانى پلاستیک له‌سه‌ر پیسبوونى خۆراک روونکردەوە و ئاماژەی بەوەدا: باسکردنی بەردەوامی مەترسییەکانی بەکارهێنانی پلاستیک و پیسکردنی خۆراک و شلەمەنییەکان بەهۆی زۆر بەکارهێنانی لە پیشەسازی و لەقوتوونان و رووپۆشکردن، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە: پێکهاتە کیمیاییە ئاڵۆزەکەی پلاستیک و جۆراوجۆری ئەو ماددانەی بەکاردەهێنرێن یان زیاددەکرێن بۆ باشکردنی جۆری پلاستیکەکە و کاریگەریی ماوەی هەڵگرتنی خۆراک تێیدا، هەروەها کاریگەریی پلەی گەرمی و پلەی ترشێتی ماددە خۆراکییەکە کاریگەریی هەیە بۆ سەر پلاستیکەکە و دزەکردنی ماددەی پلاستیکەکە بۆ ناو خۆراک و ئەو ماددەیەی کە تێیدا هەڵگیراوەو کاریگەریی جۆری ئەو پۆلیمەرەی کە لە دروستکردنی پلاستیکەکەدا بەکاردەهێنرێت

  هه‌ر له‌ سیمیناره‌که‌دا ئەوەخرایەڕوو: سەرئەنجام بەرکەوتنی مرۆڤ بەشێوە جیاوازەکانی پلاستیک بەتایبەتی پۆلی ستایرین چەندین زیان لەڕووی تەندروستییەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هۆکارە بۆ توشبوون بە چەندین جۆری نەخۆشی

  له‌ کۆتاییشدا له‌ نێوان پێشکه‌شکار و ئاماده‌بووانى سیمیناره‌که‌دا، گفتوگۆى زیاتر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى سیمیناره‌که‌وه‌ کرا و وه‌ڵامى پێویستى پرسیارى ئاماده‌بووان درایه‌وه‌