رۆژی چوارشه‌ممه‌ 1-6-2022، له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، سیمینارێک به‌ ناونیشانى (دیالێکتیکى بوون و نه‌بوون له‌ شیعرى نالی-دا)، بۆ به‌ڕێز مامۆستاى یاریده‌ده‌ر تریفه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د مامۆستا و توێژه‌ر له‌ ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، به‌ڕێوه‌چوو
 
له‌ سیمیناره‌که‌دا، مامۆستاى یاریده‌ده‌ر تریفه‌ محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، تیشکی خسته‌سه‌ر دیالێکتیکى بوون و نه‌بوون له‌ شیعرى نالی-دا و رایگه‌یاند: بوون و نه‌بوون به‌درێژایى مێژووى فه‌لسه‌فه‌، جێى مشتومڕى فه‌یله‌سوفان بووه‌ له‌ قۆناغى به‌ر له‌ کلاسیک و هه‌تاوه‌کو قۆناغى بوونگه‌رایى، که‌ به‌ فۆرم و دیدى جیاوازه‌وه‌ باسکراوه‌، نالیش وه‌کو شاعیرێک، له‌به‌ر رۆشنایى بیرکردنه‌وه‌ و ئالووده‌بوونى به‌ داهێنان و ئه‌ندێشه‌ فراوانییه‌وه‌، هه‌وڵیداوه‌ له‌ رێگه‌ى شیعره‌وه‌ دیدى فه‌لسه‌فى خۆى بنووسێته‌وه‌ و وه‌کو که‌سێکى شاره‌زا و به‌ئاگا له‌ فه‌لسه‌فه‌ و فیقهى ئیسلامی، مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى بێبه‌ش نه‌کات له‌و پرده‌ به‌هێزه‌ى نێوان فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌ب دواجاریش شیعر، وتیشی: شیعری نالی بۆ تەواوی قۆناغەکانی فەلسەفە، بە سەردەمی فەیلەسوفانی ئیسلامیشەوە، توانیویەتی لە رێگای راڤەی دەقەکانەوە، رایەڵەی نێوان شیعر و فەلسەفەمان بۆ دەربخات
 
له‌ کۆتاییشدا له‌ نێوان پێشکه‌شکار و ئاماده‌بووانى سیمیناره‌که‌دا، گفتوگۆى زیاتر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى سیمیناره‌که‌وه‌ کرا و وه‌ڵامى پێویستى پرسیارى ئاماده‌بووان درایه‌وه‌