راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی: دڵخۆشم بە هەبوونی دەستەی كوردستانی لەبەر هەبوونی ژێرخانێكی ئاستبەرز لەڕووی ئامێر و تاقیگە و ستافێكی پرۆفیشناڵ و هەبوونی دیدگا بۆ پڕۆژەی توێژینەوە

بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی كاروباری سەنتەرەكانی توێژینەوە و یەكخستنی تواناكان بۆ پەرەپێدانی بواری توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستاندا، رۆژی چوارشەممە 1-6-2022، وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، كرد

وەفدەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێكهاتبوو لە بەڕێزان د.ئەمیر عەبدولڕەحمان ئەحمەد راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، مامۆستا ئاشنا بابان، لەلایەن بەڕێزان پرۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.فەرەیدون نەجم رەشید بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی كوردستانی، لێپرسراو و ستافی تاقیگەکانی دەستەی كوردستانی-یەوە، پێشوازییان لێكرا

لە دیدارێكدا، گفتوگۆكرا لەبارەی پەرەپێدانی بواری توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستاندا، پاشان وەفدی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی تاقیگە و سەنتەر و بەشەجیاجیاكان، گەورەترین پەیكەری دایناسۆر، پیشانگەی وێنەیی شێوازەكانی دەركەوتنی ژیان لەسەر گۆی زەوی، جیۆپاركی دەستەی كوردستانیی كرد
 
ئامانجی سەردانەكە
 
لەبارەی ئامانجی سەردانەكەوە، د.ئەمیر عەبدولڕەحمان ئەحمەد راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی دەستەی كوردستانی، رایگەیاند: لە چوارچێوەی سەردانەكانی  راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، بۆ هەموو سەنتەرەكانی توێژینەوە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، سەردانی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی-مان كرد لە شاری سلێمانی، وتیشی: مەبەستی سەرەكیی سەردانەكە ئاگاداربوونە لە ژێرخانی تاقیگەكان لەڕووی ئامێر و ستافی توێژەرەوە، هەروەها ئاگاداربوونە لە چۆنێتی و چۆنایەتیی توێژینەوەكان، راشیگەیاند: دڵخۆشم بە هەبوونی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، لەبەر هەبوونی ژێرخانێكی ئاستبەرز لەڕووی ئامێر و تاقیگە و ستافێكی پرۆفیشناڵ و هەبوونی دیدگا بۆ پڕۆژەی توێژینەوە، لە هەمووی باشتر هەبوونی كەشوهەوایەكی دۆستانە و بابەتیانە لەنێوان بەرپرسان و ستاف و كارمەندانی دەستەی كوردستانیدا، وتیشی: چاوەڕێی كار و پڕۆژەی گەورە لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، دەكەین

بۆ خوێندنەوەی زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە