بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایى، بەبۆنەى 8ی مارس رۆژى جیهانیى ژنان، ئاراستەى خانمانى کوردستان بەتایبەتى و جیهان بەگشتى دەکەین، 8ی مارس، ڕۆژێکى شکۆدارە لە مێژووى مرۆڤایەتی و گرنگە هەموومان وەک هاندەری نوێخوازی هزری و فاکتەری جۆشدان و ژیانەوەی خەبات و تیکۆشانی مەدەنی لەپێناو هێنانەکایەى یەکسانى و دادپەروەرى مامەڵەی لەگەڵ بکەین
بوارى ئەکادیمى و خوێندنى باڵاش یەکێکە لە کۆڵەگە گرنگەکانى گەشەکردنى کۆمەڵگەو بەدەر نییە لە پێویستى دووبارە وێناکردنەوەو سەرلەنوێ بنیادنانەوە بە ئاراستەى دەستەبەرکردنى دەرفەتى زیاتر بۆ گەشەپێدان و دەرکەوتنى توانا ناوازەکانى کچان و ژنانى وڵاتەکەمان

دیدگاى وەزارەتەکەمان لەم بارەیەوە روونە، ئامانجمانەو کاردەکەین لەپێناو پەرەپێدانی بەردەوامی توانا و کارامەییەکانی ژنان و رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی خوێندن و فێربوون و داهێنان، هەروەها پاراستنی ناوەندە زانستى و ئەکادیمییەکان لەهەر جۆرە هزرو دیاردەیەک کە دەبنە رێگر لەبەردەم ئازادى و دەرکەوتنى تواناکان و بەشدارى خانمان لە بوارەکانى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستى
٨ی مارس ٢٠٢٣