لە درێژەی ئەو زنجیرە سیمینارانەی كە لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆ چوارشەممە 24-5-2023، لە دەستەی كوردستانی، سیمینارێك بەناونیشانی (چۆن لە سەردەمی لیبرالیزمی نوێدا، ئەکادیمیا بەرەو پاشکەوتن دەچێت؟)، بۆ بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.نەوزاد جەمال مامۆستا و توێژەر لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بەڕێوەچوو
لە سیمینارەكەدا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.نەوزاد جەمال، بەخستنەڕووی چەندین داتا و بەپشتبەستن بە دەرئەنجامی توێژینەوە و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنەکان، تیشكی خستەسەر کاریگەری و رۆڵی سەردەمی لیبرالیزمی نوێ لە پاشکەوتنی ئەکادیمیا و لەوبارەیەوە ئەوەی خستەڕوو: سەردەمی نیولیبرالیزم بە قۆناغی هەژموونی ئابووریی بازاڕ دادەنرێت، ئابوورییەکی سەرتاپاگیر کە پەلوپۆ بۆ هەموو کایەکانی ژیان دەهاوێژێ و زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانیش دەگرێتەوە، وتیشی: خاڵێکی مەترسیداری ئەو هەژموونە بریتییە لە زاڵکردنی پێوەری قازانج بەسەر پێوەرە زانستییەکاندا
لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا، پێشکەشکاری سیمینارەکە، ئاماژەی بەوە دا: بەستنەوەی زانست و زانکۆ بە بازاڕەوە، وادەکات زانست و بەرهەمی زانستیی لەژێر کاریگەریی خواست و مەرجەکانی بازاڕدابێت، بۆیە بەبۆچوونی بەڕێزیان، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بابەتیبوونی زانست و بێلایەنی دەبێت و سەرئەنجام دەگاتە ئەو ئاستەی کە زانستیش وەک بەرهەمێکی ئابووریی هەژمار بکرێت
دوای پێشكەشكردنی سیمینارەكە، لەنێوان پێشكەشكار و ئامادەبووانی سیمینارەكەدا، گفتوگۆیەکی کراوە لەبارەی ناوەڕۆكی سیمینارەكەوە كرا و وەڵامی پێویستی پرسیاری ئامادەبووان درایەوە
بۆ زانیاریی زیاتر کلیک لەسەر ئەم لینکانەی خوارەوە بکە

