وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەئیمزاى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مەرج و رێنماییەکانى گواستنەوەو دابەزینى قوتابیان- خوێندکاران بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) بڵاودەکاتەوە
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا بۆ سایتى (gov.krd/mohe) رایگەیاند: لە گشتاندنێکدا کە لەلایەن فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون- بەڕێوەبەرایەتیى ناوەندى وەرگرتن ئامادەکراوە و ئیمزاى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەسەرەو ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە، تیایدا ئەوە هاتوە لە رێکەوتى (2023-7-12) تاکو (2023-8-31) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین بەپێى مەرج و رێنماییەکان بەردەوام دەبێت
لە رێنماییەکەدا گواستنەوەى خوێندکاران- قوتابیان لە کۆلێژى کۆنمرە نزمەکان بۆ کۆلێژى کۆنمرە بەرزەکان، گواستنەوە لەنێوان زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێم، گواستنەوەى خوێندنى قوتابیان- خوێندکارانى دەرەوەى وڵات بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێم، باشوور و ناوەڕاستى عێراق. هەروەها دابەزینى ئاسایی قوتابیان- خوێندکاران، دابەزینى خوێندن بەشێوەى سیستمى خوێندنى پارالێل و چەندین وردەکاریى دیکە لەبارەى گواستنەوەو دابەزین خراوەتەڕوو
بۆ خوێندنەوەى دەقى رێنماییى گواستنەوەو دابەزین کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە
