بڕیارەکانى کۆبوونەوەى ژمارە ٢ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دوای ٩ سەعات کۆبوونەوەی بەردەوام
١-چەسپاندنى ئەنجامى بەرایى پڕۆسەى خوێندنى باڵا- دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا، دواى راگەیاندنى ئەنجامى پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێبەجێدەکرێت
٢-ئەو پێشکەشکارانەى کە لەتاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچوون، بەڵام بەهۆى نەمانى کورسى خوێندن وەرنەگیراون، دەسەڵات دەدرێتە ئەنجومەنى زانکۆکان لەڕێگەى گواستنەوەى (موناقەلە)ى کورسییەکان لەهەمان بەشى زانستى، یان زیادکردنى کورسى بەپێى تواناى بەشە زانستییەکانیان، یاخود بە هاوبەشى زانستى نێوان زانکۆکان، کورسى خوێندنیان بۆ دەستەبەر دەکەن و هەر کورسییەک کە لەڕێگەى گواستنەوە (موناقەلە) یاخود زیاد دەکرێت بۆ پلانى بنەڕەتى زانکۆکان، ئەوا بەشێوازى پارالێڵ دەبێت. ئەگەر زانکۆکان نەیانتوانى کورسى خوێندن بۆ بەشێک لە دەرچوان دەستەبەربکەن بە پڕۆسەى سەرەوە، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن لەم خولە، بەڵام دەستپێکردنى خوێندنەکەیان دەکەوێتە خولى داهاتوو
٣-دواى جێبەجێکردنى خاڵى دووەم، ئەگەر لەو بەشانەى کە کورسییەکانیان بەهۆى دەرنەچوونى پێشکەشکاران پڕنەبۆوە، ئەوا کورسییەکانیان پڕدەکرێتەوە بە رەچاوکردنى ڕیزبەندى نمرەى توانستى زانستیى پێشکەشکاران لە سەرجەم بازنەکان (خوێندنى باڵا، گشتى، پارالێل) لە بەرزترین کۆنمرەوە بۆ نزمترین تاکو کورسییەکان پڕدەکرێنەوە، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتوو لە ١٠ کەمتر نەبێت و هەموو ئەو کورسییانەش خوێندنەکەیان بەشێوازى پارالێڵ دەبێت
٤-کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى، ئەوانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى نمرەکەیان لە ١٠ و بەسەرەوە بێت، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن
٥-کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بە رێژەى ٧٠%، کە لەلایەن وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە پشت راست دەکرێتەوە، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتوو لە ١٠ کەمتر نەبێت
٦-بڕیاردرا بە تەرخانکردنى کورسى خوێندن بۆ ناوچە دابڕێندراوەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەرى خاڵەکانى ٤، ٥
٧-بڕیاردرا ئامادەکاریى بکرێت بۆ راوندێکى ترى خوێندنى باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان راسپێردران لەسەرەتاى مانگى ٩ى ٢٠٢٣ پلانى نوێ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتى بنێرن