لە دیدارەکەدا، توێژەرێکی دهستهى کوردستانى، بابەتێکی پێشکەشکرد
رۆژی 16ی4ی2024، بەچاودێری د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە ئامادەبوونی هەریەک لە بریکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆک زانکۆکان، راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و مامۆستایانى زانکۆ و میوانانی ئەکادیمی، دیداری (دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا) لەلایەن فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەولێر، بەڕێوەچوو.
دیدارەکە بە وتاری لیژنەی رێکخستنی دیدارەکە دەستیپێکردو د.ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وتارێکدا ئاماژەی بە گرنگییەکانی ژیری سەردەمییانەی دەستکرد دا بە جۆرێک بەکارهێنانی ئەم ئامرازە سەردەمییەی بەگرنگ وەسفکرد بەو مەرجەی نەبێتە هۆی دانانی کاریگەری نەرێنی لەسەر دەسپاکی ئەکادیمی لە نووسینەوەی توێژینەوەکاندا.
وتاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەلایەن د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا پێشکەشکراو لە وتارەکەیدا گرنگی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم پێویستییە سەردەمییە دووپاتکردەوە لەکاتی توێژینەوەو بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا و ئاماژە بەوەش درا هاتنە کایەی سیستمی ژیریی دەستکرد رەنگە لە داهاتوو ناچارمان بکات کە پێویست بکات پێداچوونەوە بە سیستمی پێدانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا بکرێتەوە بەتایبەت لەڕووی ماوەی خوێندن بۆ ماستەر و دکتۆرا، چونکە بەردەستخستنی سەرچاوە ئەکادیمییەکان لە ئێستادا بەهاوکاری ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد کاتێکی زۆر بۆ توێژەر دەگەڕێنێتەوە.
لە درێژەی دیدارەکەدا، لە چوار پانێڵی جیاوازدا، تیشکخرایەسەر ئامراز و دەرفەتەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان، هەروەها ئەزموونی زانکۆ پێشکەوتووەکان و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژیری دەستکرد و ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا، تەوەرەکانی تری دیدارەکە بوون.
شایانی باسە، لە پانێلی دووەمی دیدارەکەدا بەناونیشانی (دەرفەتەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان)، پرۆفیسۆر د.نەهلە محەمەد سەعید توێژەر لە دهستهى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینهوهى زانستی، بابەتێکی بەناونیشانی (چۆنیەتی دەستنیشانکردنی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە توێژینەوەی زانستی و ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا) پێشکەشکرد.
بە دەرکردنى چەند راسپاردەیەک، دیداری (دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا) کۆتاییهات.