مۆلکیولەر بایۆلۆجی (بایۆلۆجیای گەردیلەیی) بوارێکی زانستی بایۆلۆجییە لە پێکهاتە و میکانیزمە کاراییەکان و کارلێکەکان و ڕێکخستنەکانی بنەمای گەردیلەیی دەکۆڵێتەوە کە بۆ فیزیۆلۆژیای خانەیی زۆر گرنگن. سەرباری ئەوەش بایۆلۆجیای گەردیلەیی سەرنج دەخاتە سەر ترشە ناوکییەکان DNA و RNA و ماکرۆمۆلیکولەکان (پڕۆتینەکان) کە پێویستن بۆ پرۆسەکانی ژیان، و لە چۆنیەتی کارلێککردن و کارکردنی ئەم مۆلیکولانە لەناو خانەکاندا دەکۆڵێتەوە.
بەشی مۆلکیولەر بایۆلۆجی و بۆماوەیی لە دەستەی کوردستانی رۆڵی بەرچاوی هەیە لە بوارەکانی توێژینەوە و فێرکردن و ڕاهێنان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکان بەردەم کێشەکانی زانستی بایۆلۆجی. هەروەها بەکارهێنانی مەعریفەی بایۆلۆجی بە مەبەستی بەرهەمهێنانی پسپۆر و توێژەری تایبەت و کارامە لە پێناو دەستەبەرکردنی گۆرانکاری ئەرێنی لە بابەتگەلێکی جیاوازدا وەک بایۆلۆجی خانە گەردیلەییەکان، ڤایرۆسزانیی گەردیلەیی و بایۆتەکنەلۆجی.
ئامانجی سەرەکی بەشەکەمان گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستییە بە شێوازێک کە تێگەیشتنمان لە لایەنە کردەییەکانی بۆماوەیی گەردیلەیی بباتە ئاستێکی باڵاتر. بەشەکە مان تایبەتە بە گەشەپێدانی خوێندکاران و دەرچووانی نوێ دەربارەی ئاڵەنگارییەکانی بواری زانستە بایۆلۆجییەکان و رەخساندنی هەلی ڕاهێنان لە کەشێکی گشتگیر و دۆستانەدا .ئامانجمان دابینکردنی ژینگەیەکی زانستی گونجاوە یارمەتی دەر بێت بۆ گەشەپێدانی توێژینەوەو فێربوون لە بوارەکانی بایۆلۆجیای گەردیلەیی/خانەیی، جینات و زانستە بایۆپزیشکییەکان.
دیدی زانستی بەشەکەمان دامەزراندنەوەی خۆیەتی وەک پێشەنگ لە بواری بایۆلۆجیای گەردیلەیی و بۆماوەیی و مەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی توێژەران و پسپۆرانی تایبەتی بوارەکە و بەشداریکردنیان لە پڕۆژەکانی توێژینەوەدا.
داتابەیسی فرێکوێنسیی ئالێلەکان سەرچاوەیەکی گرنگی زانیارییە بۆ تێگەیشتن لە دابەشبوونی جوگرافی و جۆراوجۆری بۆماوەیی لە دی ئێن ئەی مرۆڤدا . ئەم زانیاریانە بەردێکی بناغەی توێژینەوەی جیناتی دانیشتووان پێکدەهێنن و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە شیکاری دی ئێن ئەی پزیشکی دادوەریدا. هەروەها ئامرازی پێویست بۆ پێشخستنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانیان بۆ توێژەران و پسپۆڕان دابین دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا، توێژەران لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و لێکۆڵینەوەی زانستی (KISSR) چەند توێژینەوەیەکی تۆکمەیان ئەنجامداوە بۆ دروستکردنی داتابەیسی فرێکوێنسی ئالێل بۆهەر دوو نەتەوەی کوردانی سۆرانی و هەورامی. بەهای زانستی ئەم داتابەیسە لە بەشداریکردنیدایە لە دەوڵەمەندکردنی زانیاری توێژینەوە و قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی بۆماوەیی ئەم دوو گروپە و تایبەتمەندییە بۆماوەییە ناوازەکانیان.
ئەم بەستەرە فرێکوێنسیی ئالیلەکان دەخاتە ڕوو کە بۆ نەتەوەی کوردی سۆرانی (Y-STRs و X-STRs) و هەورامییەکان (autosomal-STRs) لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.