هەواڵ لە دیبەیتێکدا لە دەستەی كوردستانی، چۆنێتیی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان، روونکرایەوە

لە دیبەیتێکدا لە دەستەی كوردستانی، چۆنێتیی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان، روونکرایەوە

Web Admin 2025-08-11 11:17:30

دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، لە چوارچێوەی دیبەیتێکدا، چۆنێتیی خۆپاراستن و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تیشکدانەوە ئەتۆمییەکاندا، روونکردەوە. رێکخستنی دیبەیتێکی لەوجۆرەش لەمکاتەدا لە چوارچێوەی گرنگیدانی دەستەی كوردستانییە بەو پرس و بابەتانەی كە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە كۆمەڵگەوە هەیە.

 

رۆژی 23-6-2025، لە دەستەی كوردستانی، دیبەیتێک بەناونیشانی: پلانی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تیشکدانەوە  ئەتۆمییەکان (خۆپاراستن و دڵنیاکردنەوە) بەڕێوەچوو.

دیبەیتەکە، بەسەرپەرشتی پرۆفیسۆر د.شوان كەمال رەشید سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، لەلایەن پرۆفیسۆر د.سەڵاح رەزا سەعید مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و د.سەروەر عارف ستار مامۆستا و توێژەر لە دەستەی کوردستانی، پێشکەشکرا، هەروەها دكتۆر رزگار عەلی پزیشكی پسپۆڕ لە تەندروستیی خێزان و تەندروستیی گشتی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی، بابەتێکی لەبارەی شێوازەکانی خۆپاراستن و مامەڵەی تەندروست لە کاتی رووداوەکاندا پێشکەشکرد.

لە دیبەیتەكەدا، كە ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی زانكۆ و توێژەران و پسپۆڕانی بواری تەندروستی و ئەكادیمیان و زانستخوازان و كەناڵەكانی راگەیاندن، ئامادەیبوون، ئاماژەبەوەدرا:  پێویستە هەموولایەك کاربکەین بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و زانیاریی دروست لەبارەی ئەو رووداو و پرسە گرنگانەی کە دێنە ئاراوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە تووشی دڵەڕاوکێ نەبێت.

هەروەها چەندین زانیاری و رێنمایی پێویست لەڕووی زانستی و تەندروستییەوە خرانەڕوو بەمەبەستی خۆپاراستن و مامەڵەی دروست لەکاتی رووداو و مەترسییەکان و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تیشکدانەوە ئەتۆمییەکاندا، ئەوەش خرایەڕوو: لەئێستادا هەرێمی کوردستان دوورە لە مەترسیی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان، کە ترسی ئەوەی هەبوو بڵاوببێتەوە لە ئەنجامی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و روودانی کارەساتی پیسبوونی ژینگە.

شایانی باسە، دیبەیتەکە زیاتر لە دوو سەعاتی خایاند و لە كۆتاییشدا، لەنێوان پێشكەشكارانی دیبەیتەكە  و ئامادەبوواندا، گفتوگۆی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی دیبەیتەکەوە، کرا و وەڵامی پێویستی پرسیاری ئامادەبووان درایەوە.