بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
KISSR دەستەی کوردستانی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی
هەواڵ

لە پانێڵێكدا لە دەستەی كوردستانی، هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی هاریی سەگ، شێوازەكانی دەستنیشانكردن و خۆپاراستن و كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە روونكرانەوە

لەلایەن Web Admin 15
لە پانێڵێكدا لە دەستەی كوردستانی، هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی هاریی سەگ، شێوازەكانی دەستنیشانكردن و خۆپاراستن و كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە روونكرانەوە

رۆژی سێشەممە 29-9-2026، لە رۆژی جیهانیی هاری-دا، لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، پانێڵێكی زانستی بەناونیشانی (هاریی سەگ لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا- دەستنیشانكردن، خۆپاراستن و كۆنترۆڵ) بەڕێوەچوو، تێیدا لەلایەن زانایەكی ئاینی، پسپۆڕانی پزیشكیی ڤێتێرنەری و تەندروستیی گشتییەوە، زانیاریی پێویست لەبارەی نەخۆشییەكە و شێوازەكانی دەستنیشانكردن و خۆپاراستن و كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە، خرانەڕوو.

دەستنیشانكردن و چارەسەری گرفتەكان لەسەر بنەما و پێوەرە زانستییەكان

لە سەرەتای پانێڵەكەدا، كە ژمارەیەك لە زانایانی ئایینی و مامۆستایانی زانكۆ و توێژەران و پسپۆڕانی بواری تەندروستی و ئەكادیمیان و زانستخوازان و كەناڵەكانی راگەیاندن، ئامادەیبوون، پرۆفیسۆر د.شوان كەمال رەشید سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، لە وتاری بەخێرهاتندا تیشكی خستەسەر بەرنامە و پلانی نوێی دەستەی كوردستانی بۆ گرنگیدانی زیاتر بە پرسە گرنگەكانی نێو كۆمەڵگە و وتی: دەستەی كوردستانی لە رێگەی چەندین پرۆژەوە، كار لەسەر كۆكردنەوەی داتا لەبارەی پرسە گرنگەكانی نێو كۆمەڵگە دەكات، وتیشی: ئامانجمان لە بەدواداچوونی پرسە گرنگەكان، دەستنیشانكردن و چارەسەری گرفتەكانی نێو كۆمەڵگەیە لەسەر بنەما و پێوەرە زانستییەكان، راشیگەیاند: وەزارەت و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان مەبەستیانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی كوردستانی، كار لەسەر چەندین پرۆژەی گرنگ بكەن.
سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کوردستانی وتیشی: نه‌خۆشیی هاریی سه‌گ و بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌گی بێلانه‌ و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌، یه‌کێکه‌ له‌ دیارده‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ و رۆژانه‌ رووبه‌ڕووی تاک و خێزانه‌کان ده‌بێته‌وه‌، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ده‌سته‌ی کوردستانی لایه‌نی جیاجیای بانگهێشتکردووه‌ بۆ ئه‌م پانێڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان پێکه‌وه‌ بتوانین له‌ رێگه‌ی گفتوگۆیه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌وه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێکی دروست و ته‌ندروست له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی که‌ تێیدا ره‌چاوی نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌کان و بنه‌ما ته‌ندروستییه‌کان بکرێت، بۆیه‌ ده‌سته‌ی کوردستانی وه‌ک یه‌کێک له‌ پرۆژه‌کانی خۆی و له‌رێگه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی داتاوه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا ده‌کات. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا که‌ پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ی گرتنه‌به‌ری چاره‌سه‌ر بۆ گرفت و کێشه‌کانی  نێو کۆمه‌ڵگه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیش وه‌ک لایه‌نێکی سه‌ره‌کیی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت.

چوار بابەت پێشكەشكران

پاشان، لە پانێڵەكەدا، چوار بابەت پێشكەشكران، بابەتی یەكەم بەناونیشانی (هەموو زانیارییەك لەسەر نەخۆشیی هاریی سەگ)، لەلایەن پرۆفیسۆر د.نەهلە محەمەد سەعید مامۆستا و توێژەر لە دەستەی كوردستانی، بابەتی دووەم بەناونیشانی (نەخۆشیی هاری لە ئاژەڵاندا، نیشانەكان و كۆنترۆڵكردنی) لەلایەن د.لاڤین عەبدلوەهاب ئەحمەد، بابەتی سێیەم بەناونیشانی (نەخۆشیی هاری، خۆپاراستن و چارەسەر) لەلایەن د.زانیار نوری ئاغاڵ، بابەتی چوارەم بەناونیشانی (روانگەی ئایینی لەبارەی مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ و پاراستنی تەندروستیی كۆمەڵگە) لەلایەن مامۆستا نەجمەدین قادر محەمەد زانای ئایینی، پێشكەشكران. پانێڵەكەش لەلایەن د.ئەحمەد فایەق بەرقی مامۆستا و توێژەر لە دەستەی كوردستانی، بەڕێوەبرا.
لەمیانی پانێڵ و بابەتەكاندا، زانیاریی پێویست لەبارەی نەخۆشیی هاریی سەگ و پەیوەندیی نەخۆشییەكە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، هەروەها شێوازەكانی دەستنیشانكردن، خۆپاراستن و هەنگاوەكانی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە، بە وردی روونكرانەوە.

بەیەكەوە بەهێزترین

لە سەرەتای پێشكەشكردنی بابەتەكاندا ئاماژە بەوەدرا: ئامانجی ستراتیجیی جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی هاریی گوازراوە لە سەگەوە، كاركردنە بۆ سفركردنی مردنی مرۆڤ تا ساڵی 2030 بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە، ئەمەش ئامانجی درێژخایەنی گشت ساڵەكانە و دروشمی (بەیەكەوە بەهێزترین) رێگەی گەیشتنە بەو ئامانجە و دروشمی رەسمیی رۆژی جیهانیی هارییە لە ساڵی 2026دا، لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، رێكخراوی جیهانیی تەندروستیی ئاژەڵ (WOAH)، هاوپەیمانیی جیهانی بۆ كۆنترۆڵی هاری (GARC) راگەیەنراوە. پەیامەكە ئەوەیە: نەهێشتنی هاری، تەنها بە كاری هاوبەش دەكرێت. هەروەها دروشمەكە جەخت لەسەر رێبازی یەك تەندروستی دەكاتەوە، كە پەیوەندیی تەندروستیی مرۆڤ، ژینگە و ئاژەڵ بەیەكەوە دەبینێت. پانێڵەكەی دەستەی كوردستانی ئەم بیرۆكەیەی بەشێوەیەكی كردەیی جێبەجێكرد لە رێگەی كۆكردنەوەی پزیشكی ڤێتێرنەری، پزیشكی مرۆڤ، زانای ئایینی لەسەر یەك سەكۆ.

زانیاریی پێویست لەبارەی نەخۆشیی هاریی سەگ

لە بەشێكی دیكەی بابەتەكاندا ئەوەخرایەڕوو: هاریی سەگ یەكێكە لە كوشندەترین نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، بەڵام بەتەواوی خۆپارێزراوە. بەپێی ئامارەكانیش رێژەی تووشبوون ساڵانە دەگاتە 59000 كەس، رێژەی مردنیش بەهۆی نەخۆشییەكەوە لەنێو تووشبوواندا لە ئاستێكی بەرزدایە. هەروەها بەشی زۆری حاڵەتەكانی تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییەكە، لە رێگەی  گازگرتنی سەگەوەیە، بۆیە كوتانی سەگ و بەڕێوەبردنی سەگی بێلانە بەشێوەیەكی تەندروست، هۆكاری سەرەكین بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە، پێویستیشە دوای گازگرتن، چارەسەری خێرا بگیرێتەبەر لە رێگەی شۆردنی برین، ڤاكسین و ئیمیونۆگلۆبیولین.

ئامانجەكانی پانێڵەكە

لە بەشێكی دیكەی بابەتەكاندا، تیشكخرایەسەر ئامانجەكانی پانێڵەكە و چەندین خاڵی گرنگ لەوانە: بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵگە لەبارەی مەترسیی نەخۆشیی هاری و رێگەكانی گواستنەوەی، ناساندنی نیشانەكان و دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە لە ماوەیەكی كورتدا، روونكردنەوەی هەنگاوە گرنگەكانی دوای گازگرتن و گرنگیی بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ، بەكارهێنانی  ڤاكسین بۆ سەگ و پشیلەی ماڵیی، خستنەڕووی روانگەی ئایینی لەبارەی مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵ و پاراستنی تەندروستیی كۆمەڵگە، بەهێزكردنی هاوكاریی نێوان دامەزراوە پزیشكی و تەندروستییەكان بەپێی رێبازی یەك تەندروستی.
شایانی باسە، پانێڵەكە زیاتر لە دوو سەعات و نیوی  خایاند و لە كۆتاییشدا، لەنێوان پێشكەشكارانی بابەتەكان و ئامادەبوواندا، گفتوگۆی ورد و هەمەلایەنە لەبارەی ناوەڕۆكی پانێڵ و بابەتەكانەوە كرا و چەند راسپاردەیەك گەڵاڵەكران. هەروەها لەلایەن سەرۆكی دەستەی كوردستانی، سوپاسنامە پێشكەش بە پانێڵیست و بەڕێوەبەری پانێڵ كرا.

بۆچوونی ئامادەبووان

لەبارەی ناوەڕۆكی پانێڵ و بابەتەكانەوە، راگەیاندنی دەستەی كوردستانی. بۆچوونی ژمارەیەك لە ئامادەبووانی وەرگرت، لەوبارەیەوە د.ئیسماعیل گەڵاڵی زانای ئایینی پێیڕاگەیاندین: رێكخستنی پانێڵی لەمجۆرە بە كارێكی گرنگ و پێویست دەزانم و سوودێكی زۆرم وەرگرت لە پانێڵەكە، وتیشی: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن گرنگیی زیاتر بدەن بە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی لەبارەی ئەم نەخۆشییە و نەخۆشییەكانی دیكە، راشیگەیاند: هیوادارم دەستەی كوردستانی لە رێگەی رێكخستنی پانێڵێكی هاوشێوەوە، كار لەسەر پرسی زیادبوونی بەكارهێنانی ڤەیب و جگەرە لەنێو گەنجاندا بكات و زیانەكانی روونبكاتەوە.
مامۆستا شەونم ئەحمەد عەزیز لە زانكۆی پۆلیتەكنیكیی سلێمانی/ پەیمانگەی تەكنیكیی پزیشكیی سلێمانی/ بەشی شیكاریی نەخۆشییەكان رایگەیاند: پانێڵێكی زانستیی زۆر بەسوود بوو، سوپاس و دەستخۆشیی بۆ دەستەی كوردستانی و پێشكەشكاری بابەتەكان، هیوادارم بەردەوام بن لە رێكخستنی پانێڵی زانستی.
مامۆستای یاریدەدەر سیروان حەمەڕەشید عەلی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكیی سلێمانی/ كۆلێجی تەكنیكیی تەندروستی و پزیشكی، كە یەكێكی دیكە بوو لە ئامادەبووانی پانێڵەكە، رایگەیاند: بەڕێوەچوونی ئەمجۆرە پانێڵ و سیمینارانە لەمكاتەدا زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی ئێستا ژمارەی ئاژەڵی بێلانە زۆر زیادیكردووە، پێویستە لە رێگەی بنەما و پێوەرە زانستییەكانەوە كار لەسەر چارەسەرێكی دروست و تەندروست بۆ ئەم دیاردەیە بكرێت.
هەروەها ئەندازیار زانا مەحمود تۆفیق یەكێكی دیكە لە ئامادەبووانی پانێڵەكە، پێیڕاگەیاندین: پانێڵێكی زانستیی زۆرباش بوو، بەوردی تیشكخرایەسەر  هۆكار و دەرەنجام و رێگەكانی گواستنەوەی نەخۆشیی هاریی سەگ، وتیشی: هیوادارم ئەم پانێڵە بكرێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردن و رێكخستنەوەی ئاژەڵی بێلانە كە بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و دروستكردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.