ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، له چوارچێوه‌ى به‌رنامه و پلانه‌کانیدا بۆ گرنگیدانى زیاتر به گفتوگۆى هه‌مه‌لایه‌نه له‌باره‌ی پرسه گرنگه‌کانى نێو کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌ما و پێوه‌ره زانستییه‌کان، له رێگه‌ى پانێڵێکى زانستییه‌وه تیشکى خسته‌سه‌ر چه‌ندین بوارى گرنگیى زانستى و ته‌ندروستى له‌باره‌ى به‌رهه‌مهێنانى خۆراکێکى سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست و پاراستنى ئاسایشى خۆراک.
داهێنانى ئه‌مڕۆ، خۆراکه بۆ سبه‌ینێ
رۆژى پێنجشه‌ممه 15-10-2026، له رۆژى جیهانیى خۆراکدا، له ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، پانێڵێکى زانستى به‌ناونیشانى (داهێنانى ئه‌مڕۆ، خۆراکه بۆ سبه‌ینێ- چۆن به‌رهه‌مهێنانى خۆراکێکى سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست ئاسایشى خۆراک فه‌راهه‌م ده‌کات؟) به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا له‌لایه‌ن چه‌ند پسپۆڕێکى بوارى خۆراکه‌وه و به‌پشتبه‌ستن به بنه‌ما زانستى و ته‌ندروستییه‌کان، زانیاریى پێویست له‌باره‌ى چۆنێتیى به‌رهه‌مهێنانى خۆراکێکى سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست له‌پێناوى فه‌راهه‌مکردنى ئاسایشى خۆراکدا، خرانه‌ڕوو.
ده‌سته‌ى کوردستانى، گرنگییه‌کی زۆر ده‌دات به هه‌موو ئه‌و پرسه گرنگانه‌ی نێو کۆمه‌ڵگه که په‌یوه‌ندییان به ژیانی رۆژانه‌ی تاک و خێزانه‌کانه‌وه هه‌یه
له سه‌ره‌تاى پانێڵه‌که‌دا، که ژماره‌یه‌ک له مامۆستایانى زانکۆ و توێژه‌ران و پسپۆڕانى بوارى ته‌ندروستى و ئه‌کادیمیان و زانستخوازان و که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن، ئاماده‌یبوون، پرۆفیسۆر د.شوان که‌مال ره‌شید سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، له وتارى به‌خێرهاتندا تیشکى خسته‌سه‌ر به‌رنامه و پلانى نوێى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ گرنگیدانى زیاتر به پرسه گرنگه‌کانى نێو کۆمه‌ڵگه و وتی: ناوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کان و کۆمه‌ڵگه ئاوێته‌ی یه‌کترن و پێویسته به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌و له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌بێت، بۆیه یه‌کێک له ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌سته‌ی کوردستانی کارکردنه له‌سه‌ر پته‌وترکردنی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌دا به‌شێوه‌ی کرداریی، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا گرنگییه‌کی زۆر ده‌دات به هه‌موو ئه‌و پرسه گرنگانه‌ی نێو کۆمه‌ڵگه که په‌یوه‌ندییان به ژیانی رۆژانه‌ی تاک و خێزانه‌کانه‌وه هه‌یه، پرسی خۆراکى سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست و فه‌راهه‌مکردنی ئاسایشى خۆراکیش یه‌کێکه له‌و پرسه گرنگانه‌ی که به‌رده‌وام پێویستمان به‌وه‌یه زانیاریی پێویست له‌باره‌یانه‌وه بخه‌ینه‌ڕوو، بۆیه ده‌سته‌ی کوردستانی له‌م پانێڵه‌دا له دید و بۆچوونی جیاجیاوه، به‌شێوه‌یه‌کی زانستی گفتوگۆی هه‌مه‌لایه‌نه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه گرنگه ده‌کات، وتیشی: پێویسته ده‌زگا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆچوون و پێشنیازی ناوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کان و پسپۆڕانی بواره جیاوازه‌کان له‌سه‌ر بواره جیاوازه‌کان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و کاری جددییان له‌سه‌ر بکه‌ن.
هه‌ر له پانێڵه‌که‌دا، پ.د.نه‌ریمان ساڵح ئه‌حمه‌د راوێژکاری نیشتمانی بۆ پرۆژه کشتوکاڵییه‌کان له کوردستان، له وتارێکدا گرنگیی بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاریی له‌باره‌ی خۆراکی ته‌ندروست و سه‌لامه‌ت و ئاسایشی خۆراک، روونکرده‌وه و تیشکیشی خسته‌سه‌ر پرۆژه‌کانی رێکخراوی فاو له هه‌رێمی کوردستان بۆ گرنگیدان به پرسی خۆراک، هه‌روه‌ها سوپاسی ده‌سته‌ی کوردستانی کرد له‌به‌رامبه‌ر گرنگیدان به پرسه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه.
سێ بابه‌ت پێشکه‌شکران
پاشان، له پانێڵه‌که‌دا، سێ بابه‌ت پێشکه‌شکران، بابه‌تى یه‌که‌م به‌ناونیشانى (له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ، نه‌خۆشییه هاوبه‌شه‌کان له زنجیره‌ى خۆراکدا)، له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر د.نه‌هله محه‌مه‌د سه‌عید مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانی، بابه‌تى دووه‌م به‌ناونیشانى (کاریگه‌ریى جۆرى کوشتارگه و مه‌رجه‌کانى هه‌ڵگرتن و شوێنى بازاڕ له‌سه‌ر کوالێتیى گۆشتى په‌له‌وه‌ر) له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر د.زه‌ید خه‌له‌ف خزر، بابه‌تى سێیه‌م به‌ناونیشانى (رۆڵى ته‌کنه‌لۆژیاى خۆراک له دابینکردنى سیسته‌مێکى خۆراکیى خۆڕاگر‌و ته‌ندروست) له‌لایه‌ن پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر د.بڕوا خالد شاکر، پێشکه‌شکران. پانێڵه‌که‌ش له‌لایه‌ن مامۆستا نه‌شمیل عه‌لى عه‌بدول توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانی، به‌ڕێوه‌برا.
له‌میانى پانێڵ و بابه‌ته‌کاندا، زانیاریى پێویست له‌باره‌ى چۆنێتیى به‌رهه‌مهێنانى خۆراکێکى سه‌لامه‌ت و ته‌ندروست له‌پێناوى فه‌راهه‌مکردنى ئاسایشى خۆراکدا روونکرانه‌وه و هانى هه‌موولایه‌کیش درا له‌پێناوى دابینکردنى خۆراکێکى ته‌ندروستدا بۆ سبه‌ینێ، پێویسته ئه‌مڕۆ داهێنان بکه‌یت. ئاماژه‌به‌وه‌ش درا که رێکخراوى خۆراک و کشتوکاڵى سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، ساڵانه له 16ى تشرینى یه‌که‌مدا، یادى رۆژى جیهانیى خۆراک ده‌کاته‌وه، که ساڵڕۆژى دامه‌زراندنى رێکخراوه‌که‌یه له ساڵى 1945. دروشمى ساڵى 2026 "ئه‌مڕۆ داهێنان بکه، بۆ خۆراکى سبه‌ینێ"یه، تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر به‌کارهێنانى زانست و ته‌کنه‌لۆجیا و داهێنان ده‌کاته‌وه بۆ بنیاتنانى سیسته‌مێکى خۆراکیى کاراتر و سه‌لامه‌تتر و به‌رده‌وامتر.
هه‌ر له‌میانى پێشکه‌شکردنى بابه‌ته‌کاندا، ئه‌وه‌خرایه‌ڕوو: خۆراکى سه‌رچاوه ئاژه‌ڵییه‌کانى وه‌ک گۆشت و شیر و هێلکه به‌شێکى سه‌ره‌کیى خۆراکى رۆژانه‌ى هاووڵاتیانن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به دروستى کۆنترۆڵ نه‌کرێن، ده‌بنه سه‌رچاوه‌ى پیسبوونى میکرۆبى و گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشییه هاوبه‌شه‌کانى نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ، له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌م پانێڵه پسپۆڕیى میکرۆبایۆلۆجیى ڤێتێرنه‌رى و زانستى خۆراک و کۆنترۆڵى جۆرى، کۆکرده‌وه بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له چوارچێوه‌ى دروشمى ئه‌مساڵدا.
ئامانجه‌کانى پانێڵه‌که
له به‌شێکى دیکه‌ى بابه‌ته‌کاندا، تیشکخرایه‌سه‌ر ئامانجه‌کانى پانێڵه‌که و چه‌ندین خاڵى گرنگ له‌وانه: به‌رزکردنه‌وه‌ى هۆشیاریى ده‌رباره‌ى مه‌ترسییه میکرۆبییه‌کانى خۆراکى سه‌رچاوه ئاژه‌ڵییه‌کان و رێگه‌کانى کۆنترۆڵکردنیان، ناساندنى ته‌کنیکى نوێى تاقیگه‌یى بۆ دۆزینه‌وه‌ى پیسبوون به‌زوویى و باشترکردنى کۆنترۆڵى جۆری، روونکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان ته‌ندروستیى ئاژه‌ڵ و مرۆڤ و ژینگه له چوارچێوه‌ى چه‌مکى ته‌ندروستیى یه‌کگرتوودا.
گرنگیدان به ته‌ندروستیى گشتی
هه‌ر له پانێڵه‌که‌دا، به وردى و به‌پشتبه‌ستن به بنه‌ما زانستى و ته‌ندروستییه‌کان و له‌پێناوى گرنگیدان به ته‌ندروستیى گشتی، رونکردنه‌وه‌ى پێویست له‌باره‌ى چه‌ند خاڵێکى گرنگه‌وه خرانه‌ڕوو، له‌وانه/ کاریگه‌ریى پیسبوونى میکرۆبى له گۆشت و شیر و هێلکه و رێگه‌کانى دۆزینه‌وه‌ى تاقیگه‌یی، نه‌خۆشییه هاوبه‌شه‌کانى نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ که به خۆراک ده‌گوازرێنه‌وه، به‌رگریى میکرۆبه‌کان به‌رامبه‌ر دژه‌میکرۆبه‌کان و په‌یوه‌ندیى به زنجیره‌ى خۆراکه‌وه، داهێنان له پاراستن و کۆنترۆڵى جۆریى خۆراک و که‌مکردنه‌وه‌ى به‌فیڕۆدانى خۆراک به‌شێوازێکى سه‌رده‌میانه.
پێویسته یاساکانی بواری ڤێتێرنه‌ریی هه‌مواربکرێنه‌وه
له به‌شێکی دیکه‌ی پانێڵه‌که‌دا، پرۆفیسۆر د.نه‌هله محه‌مه‌د سه‌عید مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ى کوردستانی، چه‌ند پێشنیاز و راسپارده‌یه‌کی پێویستی خسته‌ڕوو به‌مه‌به‌ستی هه‌موارکردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی که په‌یوه‌ندییان به‌بواری ڤێتێرنه‌رییه‌وه هه‌یه.
پانێڵه‌که زیاتر له دوو سه‌عاتى خایاند
شایانى باسه، پانێڵه‌که زیاتر له دوو سه‌عاتى خایاند و له کۆتاییشدا، له‌نێوان پێشکه‌شکارانى بابه‌ته‌کان و ئاماده‌بوواندا، گفتوگۆى ورد و هه‌مه‌لایه‌نه له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى پانێڵ و بابه‌ته‌کانه‌وه کران و چه‌ند راسپارده‌یه‌ک گه‌ڵاڵه‌کران. هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانی، سوپاسنامه پێشکه‌ش به پانێڵیست و به‌ڕێوه‌به‌رى پانێڵ کرا.
بۆچوونى ئاماده‌بووان
له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى پانێڵ و بابه‌ته‌کانه‌وه، راگه‌یاندنى ده‌سته‌ى کوردستانی. بۆچوونى ژماره‌یه‌ک له ئاماده‌بووانى وه‌رگرت، له‌وباره‌یه‌وه پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ر د.بێخاڵ مسته‌فا له کۆلێژی کشتوکاڵ/ زانکۆی سلێمانی،پێیڕاگه‌یاندین: ده‌ستخۆشی له ده‌سته‌ی کوردستانی و پانێڵیسته‌کان ده‌که‌م بۆ رێکخستنی ئه‌م پانێڵه زانستییه گرنگ و به‌سووده و گفتوگۆکردن له‌باره‌ی پرسێکی گرنگ، هیوادرام کاری جددی له‌سه‌ر راسپارده و پێشنیازه‌کانی ئه‌م پانێڵه بکرێت.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه، د.کوێستان محه‌مه‌د مامۆستا له زانکۆی سلێمانی، رایگه‌یاند: پانێڵێکی به‌سوود و گرنگ بوو له‌پێناوی بڵاوکردنه‌وه‌ی هۆشیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی ته‌ندروستیی خۆراک.