رۆژى 7-5-2025، له ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، له رێوڕه‌سمێکى تایبه‌تدا بڕوانامه‌ى ئایزۆى نێوده‌وڵه‌تى له سێ سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردن، به‌خشرایه ده‌سته‌ى کوردستانی، هه‌روه‌ها وێبسایتى نوێى ده‌سته‌ى کوردستانى ناسێنرا و ده‌رکردنى گۆڤارى زانستیى گه‌ڵا، راگه‌یه‌نرا.
له رێوڕه‌سمه‌که‌دا که به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ک له لێپرسراوانى حکومى و حزبى و سه‌رۆک و نوێنه‌رى زانکۆکان و ناوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کان و توێژه‌ران و پسپۆڕان و ئه‌کادیمیان و زانستخوازان و که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن، به‌ڕێوه‌چوو. سه‌ره‌تا پرۆفیسۆر د.شوان که‌مال ره‌شید سه‌رۆکى ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، وتارى ده‌سته‌ى کوردستانى و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، پێشکه‌شکرد و تێیدا تیشکى خسته‌سه‌ر گرنگترین پرۆژه و کار و چالاکییه‌کانى ده‌سته‌ى کوردستانى و رایگه‌یاند: ده‌سته‌ى کوردستانی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنییه‌وه له ساڵى 2005 به پێشنیاز و پاڵپشتیى ره‌وانشاد سه‌رۆک مام جه‌لال، دامه‌زراوه وه‌ک ده‌زگایه‌ک و یه‌کێک له ناوه‌نده ئه‌کادیمییه گرنگه‌کانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى که تێیدا کارى زانستى و توێژینه‌وه‌ى ئاستبه‌رزى تێدا ئه‌نجامدراوه و رۆڵى دیارى هه‌بووه له نێوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کاندا. وتیشی: ده‌سته‌ى کوردستانى کار له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ى ستراتیجى ده‌کات له رێگه‌ى کۆکردنه‌وه‌ى داتا‌کان و دروستکردنى داتابه‌یسێکى فراوان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م بابه‌ته ستراتیجى و هه‌نووکه‌ییه‌کانى کۆمه‌ڵگه له بواره جیاجیاکاندا.
پاشان شاره‌زا مامۆستا سۆران شه‌وکه‌ت غه‌فور له کۆمپانیاى IQDC بۆ راوێژکارى و راهێنان، له وته‌یه‌کدا تیشکى خسته‌سه‌ر گرنگیى به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى ئایزۆ، هه‌روه‌ها ورده‌کاریى خولى راهێنانى ئایزۆ و وردبینى ناوخۆیى جۆری، که له ماوه‌ى رابردوودا له ده‌سته‌ى کوردستانى به‌ڕێوه‌چوو، خسته‌ڕوو.
له به‌شێکى دیکه‌ى رێوڕه‌سمه‌که‌دا، بڕوانامه‌ى ئایزۆى نێوده‌وڵه‌تى له سێ سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردن (International Organization of Standardization) به‌خشرایه ده‌سته‌ى کوردستانی.
بڕوانامه‌کان له‌لایه‌ن کۆمپانیاى IQDC بۆ راوێژکارى و راهێنان به‌خشرایه ده‌سته‌ى کوردستانى و بریتین له بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تی:
- سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردنى کوالێتی - ISO 9001: 2015
-سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردنى ژینگه - ISO 14001: 2015
- سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردنى ته‌ندروستی، سه‌لامه‌تی، پیشه‌یی - ISO 45001: 2018
دواتر، کورته‌فیلمێک له‌سه‌ر ده‌سته‌ى کوردستانی، نمایشکرا.