وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبوونەوەیەکدا بەشێوەیەکى ورد گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى بۆ پلانى خوێندنى (ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کرد و لە ئەنجامدا بڕیاریدا لە مانگى سێى ئەمساڵ پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێبکات
ئەمڕۆ سێشەمە 2023-2-14 بەسەرپەرشتى د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و راوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتیى فەرمانگەکانى وەزارەت، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنى پلانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا بەڕێوەچوو، بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا دەستپێبکات
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دووپاتیکردەوە، پلان و کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەوەیە باشتر زانکۆکان خۆیان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بە قۆناغەکانى دەستپێکردنى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) کردو رایگەیاند: بەوپەڕى لێپرسراویەتییەوە لە رابردوو داهاتوودا کاردەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافییەت لە پڕۆسەى خوێندنى باڵادا، بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى رەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێنین
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەکى ورد پلانى خوێندنى باڵاى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى لەبارەوە کراو لە ئەنجامدا بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێبکات
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیدەگەیەنێت، دواى تەواوبوونى ئامادەکارییەکان لە داهاتوویەکى نزیکدا قۆناغبەندى پڕۆسەى خوێندنى باڵا لە رووەکانى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پڕۆسەى خوێندن رادەگەیەنرێت
