ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی مارسی 2023، لە رۆژی جیهانیی ژناندا، لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، پانێڵێك بەناونیشانی (رۆڵی ژنان لە بەرەوپێشچوون و هۆشیاریی كۆمەڵگەدا)، بەڕێوەچوو

رۆڵی ژنان لە بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەكاندا

لە سەرەتای پانێڵەكەدا، شارەزا. مهاباد حسێن بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەرناسی لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بابەتێكی بەناونیشانی (رۆڵی ژنان لە بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەكاندا)، پێشكەشكرد و تێیدا تیشكی خستەسەر رۆڵی ژنان لە بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەكاندا لە هەموو بوارەكانی ژیاندا و وتیشی: ژنان رۆڵێكی گرنگ و سەرەكییان هەیە لە نێو كۆمەڵدا، ژنان هەمیشە لە خەمی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگەدان لە هەموو بوارە جیاوازەكاندا، ئاماژەشی بەو كۆسپ و گرفتانە كرد كە دێنە بەردەمی ژنان لەكاتی راپەڕاندنی كاروبارەكانیان، بە چەند خاڵێكیش ئەو هەنگاوانەی خستەڕوو كە پێویستن بۆ ئەوەی ژنان رۆڵی گرنگی خۆیان ببینن لەنێو كۆمەڵدا

رۆڵی ژنان لە زانست و تەكنەلۆجیا

پاشان، د.رۆژین كەمال محەمەد ئەمین مامۆستا و توێژەر لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بابەتێكی بەناونیشانی (رۆڵی ژنان لە زانست و تەكنەلۆجیا)، پێشكەشكرد و تیێدا لە رێگەی خستنەڕووی چەند پرسیارێك و روونكردنەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین نموونە و داتاوە، رۆڵی ژنانی لە بواری زانست و تەكنەلۆجیادا روونكردەوە

رۆڵ و كاریگەریی ژنان لە پەروەردەكردنی كۆمەڵدا

هەر لە پانێڵەكەدا، م.نەشمیل عەلی عەبدول مامۆستا و توێژەر لە دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، بابەتێكی بەناونیشانی (رۆڵ و كاریگەریی ژنان لە پەروەردەكردنی كۆمەڵدا)، پێشكەشكردو تێیدا رۆڵی ژنانی لە پەروەردەكردنی كۆمەڵدا روونكردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تیشكی خستەسەر رۆڵی ژنان لە رابردوو، ئێستادا، هەروەها بە چەند خاڵێك باسی لەوەكرد كە ژنان چۆن بتوانن بەردەوامبن و كاریگەرییان هەبێت لەسەر پەروەردەكردنی كۆمەڵ بۆ باشتركردنی دۆخی ژنان

لە كۆتایی پانێڵەكەشدا، پرۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی، لە وتەیەكی كورتدا تیشكی خستەسەر رۆڵی ژنان لەنێو كۆمەڵدا، هەروەها رۆڵی ژنانی لە بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا روونكردەوە و هیواشی خواست ژنان رۆڵی زیاتر ببینن لەهەموو بوارەكاندا لەنێو كۆمەڵدا

دوای پێشكەشكردنی بابەتەكان، لەنێوان پێشكەشكارانی بابەتەكان و ئامادەبووانی پانێڵەكەدا، گفتوگۆی زیاتر لەبارەی ناوەڕۆكی بابەتەكانەوە كرا