بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و مامۆستایانی بەڕێز و خۆشەویست

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە تیکۆشەرو ماندوونەناسەکەتان، پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆک و ئەندامانی سکرتاریەت و یەکە بە یەکەی مامۆستایانی کوردستان دەکەم، سوپاسی گەرمتان دەکەم بۆ دڵسۆزی و لە خۆبردوویی و پشوودرێژیتان

یەکێتیی مامۆستایان لە ماوەی شەست و یەک ساڵی رابردوودا، خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و خەبات و قوربانیدان و کۆڵنەدانە، لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی رێکخراوەکەتاندا توانیوتانە چرای رۆشنکەرەوەی رێگای خەبات بن و رۆڵی مەزن لە جۆشدانی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان بگێڕن بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی

ئێمە رۆڵ و کاریگەری و قوربانییەکانی یەکێتیی مامۆستایان بەرزدەنرخێنین، خۆمان بە پاڵپشتی داواکارییە رەواکانی مامۆستایان دەزانین، باوەڕی تەواومان بەو راستییە هەیە کە ریفۆرمی قووڵ و راستەقینەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و گەشەپێدانی زانستی لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا دەبێت بە بەهێزکردنی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتی مامۆستایان دەستپێبکات، پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و پەرەپێدانی تواناکانیاندا بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەوپەڕی شکۆمەندییەوە ئەرکە زانستی و نیشتمانییەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن

هیوامان وایە هەموومان پێکەوە تێبکۆشین بۆ پەرەپێدانی زیاتری کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەدیهێنانی سەرجەم داخوازییە رەواکانی مامۆستایانی کوردستان

دوبارە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم

د.ئارام محەمەد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی