ده‌سته‌ی کوردستانی راهێنانێکی سێ رۆژه‌ی له‌باره‌ی دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنى باخچه‌ى سروشتى رێکخست
له چوارچێوه‌ی گرنگیدانی به‌رده‌وامی ده‌سته‌ى کوردستانى بۆ دراساتى ستراتیجى و توێژینه‌وه‌ى زانستی، به بواری کشتوکاڵ و به‌رهه‌مهێنانى خۆراکى ته‌ندروست و دوورکه‌وتنه‌وه له به‌کارهێنانى ده‌رمان و مادده قڕکه‌ره‌کان، رۆژانی 15-17ی4ی2026، راهێنانێکى سێ رۆژه له‌باره‌ی دامه‌زراندن و به‌ڕێوه‌بردنى باخچه‌ى سروشتى به‌ڕێوه‌چوو.
راهێنانه‌که له کارگه‌ى کلتوورى سلێمانى، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى کوردستانى و باخى کارگه‌ى کلتوورى، به‌هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ رێکخراوى رۆزا لۆکسمبۆرگى ئه‌ڵمانى ئۆفیسی- به‌یروت، رێکخرابوو، ئه‌م راهێنانه لایه‌نى تیۆرى و لایه‌نى پراکتیکیشى له‌خۆگرتبوو، تێیدا به‌شداربووان ئاشناکران به بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانى کشتوکاڵى به‌رده‌وام و چۆنێتیی کشتوکاڵکردن له‌ناو شار، له‌وانه پێکهاته‌ى خاک، کۆنترۆڵکردنى ئافاته سروشتییه‌کان، شێوازه کارامه‌کانى ئاودێریی.
راهێنانه پراکتیکییه‌کان پێکهاتبوون له جه‌ختکردنه‌سه‌ر دیزاینکردنى باخچه، ئاماده‌کردنى جێگه‌ى چاندن، دانانى مه‌وداى دروست له نێوان رووه‌که‌کان، راهێنان کردن له‌سه‌ر چاندنى رووه‌کى هاوه‌ڵ.
راهێنانه‌که به دانانى سیسته‌مى ئاودێریى دڵۆپ دڵۆپ و دروستکردنى کۆمپۆست کۆتاییهات، به‌مه‌ش به‌شداربووان هه‌م زانیارى و هه‌م لێهاتوویى گرنگیان به‌ده‌ستهێنا بۆ بنیاتنان و به‌ڕێوه‌بردنى باخ به شێوازى به‌رده‌وام له ژینگه‌ى ناو شاردا.