رۆژی 15-8-2021، وه‌فدێکی ئۆفیسی ئه‌ده‌بیی یونسکۆ/ سلێمانی، سه‌ردانی ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی کرد و له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، پێشوازییان لێ‌کرا.
وه‌فدی ئۆفیسی ئه‌ده‌بیی یونسکۆ/ سلێمانی، پێکهاتبوو له: شه‌ماڵ ئه‌بوبه‌کر لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه حکومییه‌کان، سه‌روه‌ر ته‌ها لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، خاتوو شه‌یما وه‌سیم لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه ناوخۆییه‌کان.
له دیدارێکدا که د.شنه شه‌ریف عه‌بدوڵڵا مامۆستا‌و توێژه‌ر له ده‌سته‌ی کوردستانی، مامۆستای یاریده‌ده‌ر تریفه محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د مامۆستا و توێژه‌ر له ده‌سته‌ی کوردستانی، ئاماده‌یبوون، گفتوگۆکرا له‌باره‌ی پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کان و پڕۆژه‌و کاری هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولاداو بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش گفتوگۆ له‌سه‌ر ئاماده‌کردن و ئیمزاکردنی یاداشتنامه‌یه‌کی لێکتێگه‌یشتن کرا.
سه‌رۆکی ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی کورته‌یه‌کی له‌باره‌ی ده‌سته‌ی کوردستانی و توێژینه‌وه‌و پڕۆژه‌و کار‌و چالاکییه‌کان و په‌یوه‌ندییه زانستییه‌کان و سه‌نته‌ر و تاقیگه‌کانی ده‌سته‌ی کوردستانی-یه‌وه پێشکه‌شکردو وتیشی: مه‌به‌ستمانه له رێگه‌ی زانستی و ئه‌کادیمییه‌وه خزمه‌تی زیاتر پێشکه‌ش به وڵاته‌که‌مان بکه‌ین.
وه‌فدی ئۆفیسی ئه‌ده‌بیی یونسکۆ/ سلێمانی، ئاماژه‌یان به‌وه‌دا: مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌که‌مان بۆ ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاشنابوونی زیاتر و پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانه، هه‌روه‌ها تۆمارکردنی چالاکییه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کانی ده‌سته‌ی کوردستانی-یه له راپۆرتی ساڵانه‌ی یونسکۆدا.
له به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا گفتوگۆکرا له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی بووژانه‌وه و په‌ره‌پێدانی دێهاته‌کانی کوردستان که له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی کوردستانی-یه‌وه جێبه‌جێده‌کرێت. گفتوگۆشکرا له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی به‌دیجیتاڵکردنی زۆرینه‌ی سه‌رچاوه‌کانی بنکه‌ی ژین که پڕۆژه‌یه‌کی هاوبه‌شی نێوان ده‌سته‌ی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و بنکه‌ی به‌ڵگاندن و لێکۆڵینه‌وه‌ی ژینه.